پێویستیی پێناسەکردنەوەی" دوژمنی زانا و
دۆستی نەزان" لە چوارچێوەی مافی مرۆڤەکان دا
دۆستایەتیی و دوژمنایەتیی لەم سەردەمە
دا زیاتر لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی و هەلوومەرجەکانی تاکەکەسیی و گرووپی دا پێناسە
دەکرێن. لەمناوەدا چەند ووتەیەکی وەک " دوژمنی زانا باشترە لە دۆستی نەزان، یان
دوژمنی زانا کە خەمی گیانە، باشترە لەو دۆستەی کە نەزانە"، لەناو ئێمەدا زۆر باون.
بەڵام بە ڕای من مرۆڤی زانا دەتوانێ جیاوازیی بیر و ڕای لەگەڵ کەسانیتر هەبێت، بەڵام
ناتوانێت بەم هۆیەوە دوژمنایەتیی کەس بکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کەسێکی بەڕاستی زانا،
خاوەنی ڕووانگە و ویژدانێکی زیندوویە و هاوکات تێگەیشتنێکی درووست و ڕوونی لە مافی
کەسانیتر هەیە و هیچکات وەها کەسێک ناتوانێ بەهۆی بەرژەوەندیی و هەلومەرجی تاکەکەسیی،
گرووپی، مەزهەبی، ئێتنیکی یان خود جوگرافیایی، لەگەڵ کەسانیتر دوژمنایەتیی بکات. کەوابوو
ئامادەش نییە کە مافیان پێشێل بکات و بەم هۆیەوەش دوژمنایەتیی کەس بکات. کەوابوو بەگوێرەی
ئەم تێگەیشتنە یان پێناسەیە لە زانا و نەزان، دەکرێ بەم ئاکامە بگەیین کە مرۆڤی زانا
داتوانێ دۆستی هەموو مرۆڤێک بێت، (بەڵام لەم بابەتەوە هاوڕای هەموو کەس نەبێت)، بێجگە
لە وانەی کە ئامادەی دان نان و بەفەرمیی ناسینی مافی خەڵکانیتر نیین، هەڵبەت لەگەڵ
ئەوانیش تەنیا تا ئەوکاتەی کە دانی پێدا دەنێن و ڕێز لە مافی هەمووان دەگرن.